بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ترۆئیکای ئەورووپی و بەرنامەکانیان بۆ هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی ڤیەنا بۆتە بابەتی راپۆرتی ڕۆژنامەی تاران تایمز.
سەرەڕای هەموو کێشە تەکنیکییەکان، وتووێژەکانی ڤیەنا درێژەی هەیە بەڵام لایەنە ئەورووپییەکان بە کردەوەکانیان دەیانەوێ گوشار بۆ سەر ئێران بێنن و کێشە لە دانوستانەکاندا پێک بێنن.
تاران تایمز لەم بارەوە دەنووسێت: لە ماوەی دوو حەوتەی ڕابردوودا ترۆئیکا لە جیاتی ئەوەی ڕێخۆشکەری دانوستانەکان بێت، هەوڵ ئەدات ئێران تاوانبار بکات و وا بنوێنێت کە دانوستانەکان شکستی هێناوە. بۆیە سەرەتا رایانگەیاند لە سەر خواستی ئێران بۆ ڕێککەوتن گومانمان هەیە و ئەم وڵاتەیان بە فێڕۆ دانی کات تۆمەتبار کرد. کاتێکیش کە ئێران دوو ڕەشنووسی پێشنیارەکانی خۆی پێشکەش کرد، هەوڵیان دا پێشنیارەکان نایاسایی و زێدەخوازانە بنوێنن.
ئەم ڕۆژنامە هەروەها نووسیویە: لە لایەکیترەوە ئێران چەند جار ڕایگەیاندووە نایەوێ دەست لە دەستکەوتەکانی پێشوو هەڵبگرێت بەڵکوو دەیەوێ ئەوانە وەکوو بنەمای ڕێککەوتنێکی نوێ بەکار بێنێت. پێشنیارەکانی ئێران بە پێی ڕێککەوتنی بەرجام بووە بۆ ئەوەی ئەورووپییەکان بیانوویەکیان بۆ رەت کردنەوەیان نەبێت.
تاران تایمز هەروەها نووسیویە: پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی نوێ لە پێشکەوتنی دانوستانەکانی ڤیەنا زۆری نەخایاند کە دیپلۆماتەکانی 3E گوشارەکانی خۆیان بۆ سەر ئێران زێدەتر کردەوە بۆ ئەوەی ئەو شتەی ئەمریکییەکان بەدەستیان نەهێنا، ئەوان بەدەستی بێنن.
Your Comment